تیمێكی چیكی خەریكن

منارەی چۆلی زیاتر لاربووەتەوە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیمێكی شارەزای شوێنەوار لە كۆماری چیكەوە گەیشتوونەتە هەولێر بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی منارەی چۆلی، كە دەوترێت زیاتر لاربووەتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێریش دەڵێت، چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی ئەوان دەبین.

دكتۆر نادر بەكر بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 5.5.2025 بە 964ی راگەیاند، تیمێكی شارەزا لە وڵاتی كۆماری چیكەوە هاتوون بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و دیراسەكردنی بارودۆخی منارەی چۆلیی هەولێر، بۆ ئەوەی بزانن ئایا زیاتر لاربووەتەوە و مەترسی لەسەرە یان نا.

وتیشی، شاندەكە بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر هاتوون و لە هەولێر دەبن، دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەیان بە شێوەیەكی راپۆرتێكی زانستی دەخەنەڕوو.

ئاشكراشی كرد، تیمەكە شارەزای بواری نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانن و هەر ئەو تیمەن پێشتر لە ساڵانی 2006 و 2007 منارەی چۆلییان نۆژەنكردووەتەوە، هەروەها كاریان لەسەر منارەی مزگەوتی بازاڕیش كردووە.

نادر بەكر دەڵێت، “لەم ماوەیە دەنگۆی لاربوونەوەی زیاتری منارەی چۆلی هەبوو، هەرچەندە پێمان وایە هیچ لاربوونەیەك رووینەداوە، بەڵام چاوەڕێی راپۆرتی تیمەكەی كۆماری چیك دەكەین و ئەوان شارەزان”.

“ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و شاندەكە سەردانی منارەی چۆلیمان كرد و پارێزگاریش جەختی لەوە كردووە هەرچی بكرێت بۆ پاراستنی منارە درێغی ناكەین”، نادر بەكر وای وت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئەوەشی بە 964 وت، بە پێی لێكۆڵینەوەكان منارەكە هەر لە كاتی دروستكردنی لار بووە.

منارەی چۆلی یان منارەی موزەفەرییە، كە بەرزییەكەی 22 مەترە لە ئاستی زەوی، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەڵای ھەولێر، لە کاتی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین دروستکراوە و مەزندە دەکرێ ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بووبێت، کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە.

لە بارەی ناوی منارەكەوە، كە ناوی “چۆلی”یە، بە پێی زانیارییەكانی شوێنەواری هەولێر، شوێنی منارە تا سەرەتای سەدەی رابردوو چۆڵەوانی بووە و کەسی لێ نەژیاوە، بۆیە ناونراوە “منارەی چۆلی، لە ساڵی 1935 حکومەتی عێراق بە فەرمی بە شوێنەواری داناوە و دواتر لە ساڵی 1960 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری عێراقی شورای بۆ دروست کرد و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامداوە.

964 بەدواداچوون بۆ لاربوونەوەی زیاتر لە 80 سانتیمەری منا...

964 بەدواداچوون بۆ لاربوونەوەی زیاتر لە 80 سانتیمەری منارەی چۆلی هەولێر دەكات