"پڕۆژەی ئەندەرپاسەکە کاریگەری نەبووە"

“لە هەشتاکانەوە دێم”؛ جەوی سەهۆڵەکە هەر گەرموگوڕە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

هەرچەندە هەردوو سایدی شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) گیراوە، بەڵام جەوی شەقامەکە نەگۆڕاوە و هەر گەرموگوڕە، کاسبکارانیش دەڵێن، خەڵک ئێستاش روویان تێدەکەن.

کاسبکارێکی سەهۆڵەکە بە 964ـی وت، “سەهۆڵەکە عەیبی نییە و وەک خۆی ماوە، ئەوەی دەوترێت پڕۆژەی ئەندەرپاسەکە کاریگەری هەبووە، راست نییە تەنیا ئەوەیە کە چەند کاسبکارێکی ئێستا ناتوانن کار بکەن، بەڵام خەڵک هەر دێن بۆ پیاسە و خواردن و خواردنەوە.”

کاسبکارێکی دیکە دەڵێت، “زۆر ئاساییە عارەبانچییەک پێشتر 500 هەزاری پەیدا دەکرد، با ئێستا 300 هەزار پەیدا بکات، ئەو پڕۆژەیەش گرنگە.”

کارکردن لە پڕۆژەی ئەندەرپاسی سالم زیاتر لە هەفتەیەکە دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە هەردوو سایدی شەقامی سالم بەربەستکراوە، بڕیارە پڕۆژەکە لەماوەی 450 رۆژ بە تێچووی زیاتر لە هەشت ملیار دینار تەواو بکرێت.

هاوڵاتییەک کە قسەی بۆ 964 کرد لەبارەی جەوی شەقامی سالم وتی، “جەوەکە زۆر خۆشە و عەیبی نییە، من لە هەشتاکانەوە یەم بۆ سەهۆڵەکە بۆ چا خواردنەوە و بۆ لای برادەران.”

پێداچوونەوە:کاکەلاو عەبدوڵا