بەبێ بەرامبەر
سیمکارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی بە خۆرایی، پێشکەش بە حاجیان دەکرێت
وریا فەتاح
حاجیانى ئەمساڵ کێشەى ئینتەرنێتیان نابێت و سیمکارتى ئەنتەرنێت و پەیوەندى بەخۆڕاییان پێشکەش دەکرێت.
کاروان ستونی وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى سیمکارتى ئینتەرنێت لە ئەنجامى هەماهەنگی و پەیوەندی توند و توڵی سەرۆکی شاندنی حاجیانی کوردستان (شێخ نیاز راغب نەقشبەندی) لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقییەوە هاتووە، ئەوەش بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی حاجیان و هاوکاریکردنیان.
دەشڵێت: بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان بۆ ئەوەى زۆرترین ئاسانکارى بۆ حاجیان بکرێت، هەربۆیە خزمەتگوزارییەکانى ئەمساڵ جیاوازن لە ساڵانى رابردوو.
“بە پێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیای کنان کە بریکاری سەرەکی کۆمپانیای ئیس تی سی سعوودی کراوە، هەر حاجییەک سیمکارتێکی ئەنتەرنێت کە 5 گیگا بایت ئەنتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندی لەخۆدەگرێت بە خورایی لە دەروازەی عەرعەر بە حاجیانی گەشتی وشکانی و لە شاری مەککەی پیرۆزیش بۆ حاجیانی گەشتی ئاسمانی پێشکەش دەکرێت”، کاروان ستوونى واى وت.
داواش دەکات، پێویست ناکات حاجیان لەگەڵ گەیشتنیان بە سعودیە سیمکارت بکڕن و ئەو خزمەتگوزارییەیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە.
ئاشکراشى کردووە، ئەو حاجیانەى بەڕێگاى وشکانى گەشتى سعودیە دەکەن، بۆ هەر پاسێک کە پێى دەچن راوتەرێکى ئەنتەرنێت دابین دەکرێت کە 30 حاجی دەتوانن سوود لە ئەنتەرنێتەکەی وەربگرن.
رۆژی 16.5.2025، یەکەم وەجبەی زیارەتکارانی حەج، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرە وڵاتی سعودییە بەرێ دەکەون، ئەمساڵ هەرێمی کوردستان، پێنج هەزار و 136 حاجی دەبێت ئەگەر سەرجەم روکنەکانی حەج بەڕێ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.