ئاودانى دەستى بۆ کێڵگەیەکى بە گەنم چێندراو لە سنوورى دەشتى بیتوێن
بۆ قەرەبوو حکومەتى هەرێم چاوى لە بەغدایە
کەمبارانى رەنجى جوتیاران بەخەسار دەبات
وریا فەتاح
بەهۆى کەمبارانییەوە، بەشێکى زۆرى گەنمى جوتیاران لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان توشى زیان بوون، وەزیرى کشتوکاڵیش دەڵێت: هەر زوو جوتیارانمان ئاگادار کردەوە کە ئەمساڵ باران کەم دەبێت.
حکومەتى هەرێم قەرەبووى راگرتووە، تەنیا ئەگەر عێراق شتێک بکات
لە دەشتى بیتوێن و بەرى مەرگە و سنوورى هەولێر و گەرمیان و بەشێکى سلێمانیش، بەهۆى کەمى رێژەى بارانبارین، گەنم و جۆى جوتیاران لەگەشەکردن وەستاوە، هەندێ جوتیاریش بە تەواوەتى دەستبەردارى بەرهەمەکەیان بوون.
لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کرد، ئەو وتى،”ئێمە پێش داچاندنی گەنم ئاگاداری جوتیارانمان کردەوە کە ئەمسال رێژەی باران کەم دەبێت و ناتوانن وەک پێویست دەستەبەری ئاوی باران بکەن لە زەوی دێمی، هەر بۆیەش لە عێراق ریژەی وەرگرتن کەم کرایەوە”.
لەبارەى خەمڵاندنى زیانەکانى بەرهەمى گەنم و جۆ و قەرەبووکردنەوەى جوتیاران، وەزیرى کشتوکاڵ وتى،”بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکانمان رادەسپێرین کە خەملاندنی زیانەکان بکات، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە حکومەت لە ئەنجومەنی وەزیران قەرەبوی راگرتوە، تەنیا ئەگەر عێراق شتێک بکات و بریارێک بدات، ئێمەش هەوڵ بدەین جوتیارانمان لێی سودمەند بن”.
964 ویستى بزانێت وەزارەتى کشتوکاڵ پێشبینى چى دەکات بۆ کەمبوونەوەى بەرهەمى گەنم و جۆ، بەڵام وەزیرى کشتوکاڵ بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،” جارێ زووە”.
کەمبارانى وایکردووە، گەنم و جۆى ئەمساڵ توشى زیانى گەورە بێت، بەشى زۆرى گەنم و جۆ لە گەشەکردن وەستاوە، بەشێکیشى بەشێوەیەک توشى تینوێتى بووە کە چاوەڕێ ناکرێت جوتیاران دەنکى لێ هەڵبگرنەوە، هەربۆیە بۆ ئەمساڵ پێدەچێت بەشێکى زۆرى جوتیاران رەنج بە خەساربن.
هەرچەندە لە سنوورى هەولێر و گەرمیان و کەمینەیەکى سنوورى راپەڕین، بەهۆى کەمبارانییەوە جوتیاران ئاوپژێن بەکاردەهێنن، بەڵام زۆرینەى جوتیارانى دیکە بەتایبەت ناوچەکان سنوورییەکان خۆیان بۆ ئەو حاڵەتە ئامادە نەکردبوو، هەر بۆیە گەنم و جۆکەیان توشى زیان بووە