شۆفێرانیش بە هۆڕن لێدان هێندەی تر وەزعەکەیان تێکداوە

ئاستەنگی هاتوچۆ لەناو تونێلی دەربەندیخان دروستبووە

میلاد جەلال – گەرمیان

بەهۆی چوونەدەرەوە و سەیرانی هاوڵاتیان، تونێلی کەمپی خوار لە دەربەندیخان قەپات بووە و ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبووە، شۆفێرانیش بە ھۆڕن لێدان هێندەی تر وەزعەکەیان تێکداوە.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ـی وت،” ھۆڕن لێدان لەناو تونێل قەدەغەیە، چونکە بە ھۆڕن لێدان و دروستکردنی ژاوەژاو، شۆفێران مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و ھاوڵاتیان دروست دەکەن و ئەگەر هەیە کارەساتی لێبکەوێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان لەپێش تونێلەکە شۆفێران ئاگادار دەکەنەوە کە لەناو تونێل ھۆڕن لێنەدەن، بەڵام بەشێک لە شۆفێران گوێ نادەنێ و لە ناوەڕاستی تونێلەکە دەستدەکەن بە ھۆڕن لێدان”.

جاسم محەمەد داوای لە شۆفێران کرد، بەهیچ جۆرێک لەناو تونێلی دەربەندیخان هۆڕن لێنەدەن، ئەگەرنا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن و سزا دەدرێن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری