دواى راپۆرتێکى 964

بێبازاڕیەکەى هەنار و هەست بە دڵخۆشى کۆتایى هات و هەموو شتەکانیان فرۆشت

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

لە دەشتی زەڵێی شارباژێڕ و لەناو جۆش و خرۆشی فێستیڤاڵی کاڵەکدا، دوو کچی منداڵ بە ناوەکانی (هەنار و هەستی هیدایەت) مێزێکی بچووکیان بە کارە دەستییەکانی خۆیان رازاندبووەوە. مێزێک پڕ لە ملوانکە و دەستبەندی رەنگاوڕەنگ کە بە دەستە بچووکەکانی خۆیان دروستیان کردبوو.

لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، کاتێک کامێرای 964 رووی تێکردن، نائومێدییەکی منداڵانە بە روخساریانەوە دیار بوو. هەردووکیان بەیەکەوە وتیان: “لە بەیانییەوە هیچمان نەفرۆشتووە.”

هەستی، کە لە هەناری خوشکی گەورەترە، ئەوڕۆژە وتى،”پاریش بەشداریمان کردبوو، پار باشتر بوو چونکە کەمێکم فرۆشت، بەڵام ئەمڕۆ هیچ.”

بەڵام دواى بڵاوبوونەوەى دیمەنى ئەم دوو خوشکە لە 964، چیرۆکەکە بە دڵخۆشى بۆ هەنار و هەستى کۆتایى هات، چونکە خەڵکێکى زۆر رووى لێکردن و هەموو شتەکانیان لێکڕین، هەر ئەوەشنا خەڵکانێک بە دەست و دیارییەوە چوون بۆلایان.

ئەمڕۆ لە دەرەوەى فێستیڤاڵەکە، 964 چووەتەوە لاى ئەم دوو خوشکە، بەڵام ئەوەى جیاوازە ئەمجارە هەنار و هەستى دڵخۆشن، چەندەش دڵخۆشن بە فرۆشتنى کەلوپەلەکانیان هێندەش دڵخۆشن بە کۆمێنتى خەڵک.

هەستى روونیشى کردەوە کە ئەوان ئەم کارە بۆ پارە ناکەن، بەڵکو دروستکردنی ئەم ملوانکە و دەستبەندانە تەنیا هۆکارێکە بۆ ئەوەی خۆیان لە شاشەی مۆبایل و ئایپاد بەدوور بگرین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح