"هەر جارێک هێرش بکات ژمارەیەک لە کەشتییەکانی لەدەست دەدات"
سێنتکۆم: پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانمان تێکشاند
شۆڕش قادری
دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر ژێردەریاییەکی ئەمریکادا گرتووە، سوپای ئەو وڵاتەش دەڵێت، پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە دوای ئەوەی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو رۆژدا دوو جار، کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکای بە موشەکی بالیستی کردە ئامانج، دوێنێ سێشەممە 8.9.2026 هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە.
ئاشکراشیکردووە، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە هەوڵی هێرشەکەی سوپای پاسداران دەربازی ببێت و بەرپەرچیان بداتەوە، هەروەها کەشتییەکە بەبێ راوەستان لە ئەرکە مەیدانییەکانی لە ئاوەکانی ناوچەکە بەردەوامە.
هاوکات مارکۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ لەمەودوا هەر جارێک ئێران هەوڵی زیانگەیاندن بە كەشتییەكانی ئەمریکا بدات، جا سەرکەوتوو بێت یان سەرکەوتوو نەبێت، ژمارەیەک لە كەشتییەكانی لەدەست دەدات.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر ژێردەریاییەکی پێشکەوتووی ئەمریکادا گرتووە و شەوی رابردووش ژمارەیەک موشەکیان ئاڕاستەی پێگەکەکانی ئەمریکا لە عومان و ئوردن کرد.