کەسوکارەکەى سکاڵا تۆمار دەکەن

ژنێک لە کەرکوک دواى دووهەفتە لە بێهۆشى گیانى لەدەستدا

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

ژنێکى دانیشتووى کەرکوک دواى ئەوەى نەشتەرگەرى بەردى زراوى بۆ ئەنجامدرابوو، ماوەى دوو هەفتە لە بێهۆشیدا مایەوە و ئەمڕۆ گیانى لەدەستدا، کەسوکارەکەشى سکاڵایان تۆمارکرد.

محەمەد میقداد هاوسەری ئەو ژنەى گیانى لەدەستداوە بە 964ـی وت،” لە رۆژى 5ـى ئەم مانگە، لە نەخۆشخانەی دار سەلامى ئەهلی لەلایەن پزیشکێکەوە نەشتەرگەری بەردی زراوم بۆ خێزانەکەم ئەنجام دا”.

وەک باسى دەکات، دواى نەشتەرگەرییەکە هاوسەرەکەى ئازارى زۆرى هەبووە و چەند جارێک پزیشکەکانى بانگکردووە بۆ ئەوەى بێن بەلایەوە، بەڵام تەنیا ئازارشکێنیان بۆى دەکرد و ئازارى هاوسەرەکەشى هەر بەردەوام بووە تا رۆژى دواتریش.

لە رۆژى دووەمى نەشتەرگەرییەکە، ژنەکە هەناسەى خێرا دەبێت و بێهۆش دەکەوێت، هەر بۆیە جارێکی دیکە پەیوندیان بەو پزیشکەوە کردووە کە نەشتەرگەرى بۆ ئەنجامداوە و دواتر بە ئامبوڵانس گواستویانەتەوە بۆ بەشى چاودێرى چڕى نەخۆشخانەى ئازادى.

بەوتەى هاوسەرى ئەو ژنە، هاوسەرەکەى بێهۆش بووە تا ئەمڕۆ کە ویستویانە نەشتەرگەرییەکى دیکەى بۆ بکەن، ئەو سۆندەیەى لە قوڕگیدابووە دەریبهێنن، بەڵام وەک دەڵێت،”بەهۆى کەمتەرخەمى پزیشکەکەوە، هاوسەرەکەم گیانى لەدەستدا”.

ئەو ژنەى گیانى لەدەستداوە ناوى تریفەیە و بەر لە سێ مانگ منداڵێکى دوانەى بووە، بەڵام هەر ئەو کات یەکێک لە منداڵەکان گیانى لەدەستداوە.

ئێستا کەسوکارى ئەو ژنە، سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە و داواى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.

964 پەیوەندى لەگەڵ بەرپرسانى فەرمانگەى تەندروستى بەست، بەڵام ئەوان تەنیا ئەوەیان وت،”یاسا سەروەرە و بەدواداچوونى پزیشکى خۆمان دەکەین بۆ ئەوەى بزانین کەمتەرخەمییەکە لە کێوە بووە”.

بۆ یەکەمین جار نەشتەرگەرى منداڵبوون لە چۆمان ئەنجامدر...

بۆ یەکەمین جار نەشتەرگەرى منداڵبوون لە چۆمان ئەنجامدرا