لە هەورامان

کار بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگی سەیرانگەی ئاوێسەر دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

بۆ چارەسەرکردنی گرفتی قەرەباڵغی و هاتوچۆ لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، بەرپرسانی هاتوچۆ و گەشتوگوزاری هەڵەبجە سەردانی سەیرانگای ئاوێسەر – یان کرد.

سەیرانگەکە دەکەوێتە شارەدێی تەوێڵە لەسەر سنووری کۆماری ئێران و هەرێمی کوردستان.

​ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانەکە ئەنجامدراوە، رێباز کەمال، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە و چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئامادەیی مەیدانی بوون.

هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێ، سەردانەکە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی هاتوچۆ بوو لە سەیرانگاکەدا، بەتایبەت لە رۆژانی کۆتایی هەفتە “پێنجشەممە و هەینی” ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکاران،.

ئەو رۆژانە گرفت بۆ هاتوچۆ دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی بێزاری بۆ هاوڵاتیان، ​وەک هاتوچۆ دەڵی، بڕیار و پێشنیازەکان لە میانەی سەردانەکەدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە بە هاوکاریی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ناوچەکە، پلانی پێویست دابنرێت بۆ رێکخستنی هاتوچۆ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشتیاران، تاوەکو لە داهاتوودا ئەو ئاستەنگانە بە تەواوی چارەسەر بکرێن.