زمانی کوردی لە فێستیڤاڵی هاوینەی هەولێر فەرامۆشکراوە

964+
رێباز خدر- هەولێر

شەشەمین رۆژی فێستیڤاڵی هاوینەی نێودەوڵەتی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، فەرامۆشکردنی زمانی کوردی لە نووسینی نرخ، پۆستەر و رێکلامی بەشێکی زۆری کۆمپانیا بەشداربووەکاندا، بووەتە جێگەی سەرنج و گلەیی هاووڵاتیان.

پەیامنێری 964 لە نێو فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیا عەرەبیانەی لە وڵاتانی وەک فەلەستین، یەمەن، کوێت و سووریاوە بەشدارن، سەرجەم نرخ و زانیارییەکانیان تەنیا بە زمانی عەرەبی هەڵواسیوە و هیچ ئاماژەیەکیان بە زمانی کوردی نەکردووە.

ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و کێشە بۆ ئەو هاوڵاتییە کوردانەی کە سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و زمانی عەرەبی نازانن، چونکە ناتوانن لە نرخەکان، جۆری بەرهەمەکان و رێنمایی ئەو دەرمان و چارەسەرە سروشتیانە بگەن کە لەوێ نمایشکراون.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح