ژینگەپارێزییەکەی وێنەی نییە

نابیستێک لەگەڵ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی خەمی گوڵەکانیشی لەکۆڵ ناوە

ئاکام غەفوور – شەقڵاوە

نابیستێک لەگەڵ کەسابەت و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، خەمی جوانی پارکێکی شەقڵاوەشی لە کۆڵناوە، رۆژانە خزمەتی پارکە بچوکەکە دەکات کە لە بەرامبەر دوکانەکەیەتی، گوڵەکان ئاو دەدات و پارکەکەش لە زبڵ و خاشاک پاک دەکاتەوە.

عەبدوڵا حەسەن، بە زمانی ئاماژە بە 964 دەڵێت، ئەو گولانە خۆم تۆیەکەم چاندن کە گەورەش بوون رۆژانە ئاویان دەدەم و خزمەتی ئێرە دەکەم، لەو پارکە رۆژانە خۆم فێنک دەکەمەوە و دەموچاوم دەشۆم و ئەو گوڵانەش ئاو دەدەم”.

ئەو بە دەستە زەحمەتکێشەکانی ئەوەمان پیشان دەدات کە زۆر دڵی خۆش دەبێت کاتێک گوڵەکان ئاو دەدات و بە گەشانەوەیان ئەویش دڵی دەگەشێتەوە.

عەبدوڵا خێزاندارە، سێ کوڕ و کچێکی هەیە و نەشیهێشتووە ئەوان بێ ناز بن و وەک گوڵەکان پەروەردەیان دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری