لە زاخۆ هەموو ژنێک بەبێ نۆرەگرتن بەنزین وەرناگرێ

لە نۆرەی ژنان؛ ژن هەبووە بارهەڵگری دوو تۆنی هێناوەتە بەنزینخانە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لەگەڵ سەرهەڵدانی کەمبوونەوەی بڕی بەنزین و هەڵکشانی نرخەکەی، قەرەباڵەغییەکی ئێجگار زۆر لەو بەنزینخانانە دروستبووە کە بەنزینی حکومی بە نرخی 750 دینار دابەش دەکەن.

لە ئیدارەی زاخۆ، بەنزینخانەکان بڕیاریاندا بەنزین بەبێ نۆرەگرتن بەو ئۆتۆمبێلانە بدەن کە شۆفێرەکانیان ژنن، بەڵام ئەوە هەروا ئاسان تێنەپەڕیوە، ئەوەتا لە نۆرەی ژنان، ژن هەبووە بارهەڵگری دوو تۆنی خزمەکانی هێناوەتە بەنزینخانە تا بەبێ نۆرە بەنزینی بۆ وەربگرێ، لە کاتێکدا بە گاز کار دەکات.

ئەم بڕیارە لەلایەن زۆرێک لە هاوڵاتییانەوە وەک دەرفەتێک قۆسترایەوە تا کار گەیشتە ئەوەی شۆفێرە ژنەکان ئۆتۆمبێلی تەواوی خزم و کەسوکاریان ببەنە بەنزینخانەکان و بەبێ وەستان لە سەرەدا، تانکییەکانیان پڕ لە بەنزین بکەن.

ئاراز هاشم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ بە 964 وت، لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزیندا، حاڵەتی سەیر و سەمەرەمان بەدی کردووە. ئێمە باش دەزانین کام ژن شۆفێری راستەقینەی ئۆتۆمبێلەکەیە و کامەشیان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی تانکی ئۆتۆمبێلی برا یان خزم و کەسوکاری هاتووە.

سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان، ئاراز ئاشکراکرد، بڕیارمانداوە کە چیتر هەموو شۆفێرێکی ژن بەبێ نۆرەگرتن بەنزین وەرنەگرێت، بەڵکو دەبێت مەرجی ئەوەی تێدا بێت کە ئۆتۆمبێلەکە بەناوی خۆیەوە بێت و مۆڵەتی شۆفێریشی پێبێت، ئەم بڕیارە بۆ قۆناغی داهاتووە و دواتر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.

زاخۆ رۆژانە پێویستی بە 150 بۆ 180 هەزار لێتر بەنزینە تا بەشێوەیەکی ئاسایی بەنزین بەشۆفێرەکانی بدات، ئەمە لەکاتێکدایە تەنیا 72 هەزار لێتر بەنزینی حکومی بۆی دێت.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ لەبارەی قۆستنەوەی ئاسانکارییەکە بۆ فێڵ ئاماژەی بەوەکرد، ژن هەبووە نەیزانیوە گێری ئۆتۆمبێلەکە لە D بکاتە R، لەبەر مزاخەی بەنزین نەزانیوە بۆ بەگ بچێت، دیار بووە کە بەکارهێنراوە تەنیا بۆ بەنزین وەرگرتنەکە، هەروەک ژن هەبووە ئەمرۆ بەنزین لەیەکێک لەبەنزینخانەکان وەرگرتووە، روژی دواتر بە ئۆتۆمبێلێکی تر هاتووە بۆ بەنزینخانەیەکی دیکە تا بەفێڵ سوود لە دەرفەتەکە وەربگرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا