نوسینگەى عەلى زەیدى:

10 ملیۆن عێراقى ماڵئاواییان لە خامنەیى کرد

وریا فەتاح

لیژنەی باڵای ئامادەکاری و رێکخستنی مەراسیمی ماڵئاوایى لە تەرمی عەلی خامنەیی رایگەیاند، دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە لە نەجەف و کەربەلا بە بەشداریی ملیۆنان کەس، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمەکەی بەرەو ئێران بەڕێکرا، جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەکە بەبێ هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی کۆتایی هاتووە.

ئیحسان یاسین عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی باڵای رێکخستنی مەراسیمەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (9.7.2026)، تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەرمی چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بەرەو شاری مەشهەد لە ئێران بەڕێکران.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مەراسیمەکە لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا بەڕێوەچووە. بەپێی ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردووە، سەرەڕای ئەو قەرەباڵغییە زۆرەش، پرۆسەکە بەشێوەیەکی رێکخراو و بەبێ تۆمارکردنی هیچ رووداو و پێشێلکارییەکی ئەمنی بەڕێوەچووە.

سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپێناو سەرخستنی مەراسیمەکەدا، هەماهەنگیی چڕ لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکومەتە خۆجێییەکان، مەزارگەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە ئەمنییەکان کراوە.