دیمەنێک لە پارەی عێراقی - وێنە: 964
بڕیار لە پێ بژاردنەکە دەدرێ
سەرۆکی فەرمانگە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجی کرد
ئەحمەد مستەفا
بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی باج بۆ رێکخراوە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوەکانی ناحکومی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجی کردووە.
ئەو رێکخراوانەی داهاتیان نییە، خەمی ئەوەیان لێهاتووە پێدانی باج ئێخەی ئەوانیش بگرێتەوە و بۆ هەر پێ بژاردنێک بڕی 75 هەزار دیناریان لێ وەربگرن، لە حاڵێکدا بەشێک لە رێکخراوەکان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011 بەخشراون لە باج.
رێکخراوە ناحکومییەکان لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویتی باسی لەوەکردووە، لەو دیدارەی باج هەردوولا کۆک بوون لەسەر کار ئاسانیکردن بۆ کاری رێکخراوەیی، هەروەها سەبارەت بە لێبڕینی راستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت، بڕیاری هەماهەنگی تەواو و ئاسانکردنی کاری رێکخراوەکان دراوە.
ئەوەش بە ڕەچاوکردنی گەنجینەی گشتی و مافی رێکخراوەکانی ناحکومی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەوە روونکراوەتەوە، لە کاتێکی نزیکدا بریاری پێویست و تایبەت دەدرێت سەبارەت بەو پێبژاردنە (غرامة)ی درەنگ کەوتنەوەی فۆرمی وەرزی موچەی کارمەندی رێکخراوەکان کە لە ساڵانی پێشوو پابەند کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ یان نەکردووە یاخود نەیان زانیووە.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی رێکخراوە تۆمارکراوەکان لە هەرێمدا نزیکەی 4000 بۆ 4500 رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، ئەم ژمارەیە بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە ساڵانە دەیان رێکخراوی نوێ مۆڵەتی فەرمی کارکردن وەردەگرن.