مەلەوانگەکە حکومییە و سەربە وەزارەتی وەرزش و لاوانە

لە کەرکوک کچێکی تەمەن سێ ساڵ لەناو مەلەوانگەیەکدا خنکاوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە یەکێک لە مەلەوانگە حکومییەکانی سەربە وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لە کەرکوک، منداڵێک خنکاوە و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەستیپێکردووە.

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 7.7.2026  روویداوە و لەبەر ئەوەی دوێنێ پشوو بووە، ئەمڕۆ دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە، منداڵەکەش کچە و تەمەنی سێ ساڵە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکوک بەم شێوەیە باسی رووداوەکەی بۆ 964 کرد؛

“بنکەی وەرزشی یەکی حوزەیران، دەکەوێتە ناو ماڵەکانی گەڕەکی یەکی حوزەیران، رۆژانە وەرزشوانانی گەڕەکەکە روی تێدەکەن بۆ یارییە جۆراوجۆرەکان، لەناو بینای بنکەکە مەلەوانگەیەکی تێدایە، منداڵێکی گەڕەکە بە دەرگا و پرسگەکە تێپەڕیوە و کەوتووەتە ناو مەلەوانگەکەوە و خنکاوە، پاشان تەرمەکەی دەرهێنراوەتەوە”.

باسی لەوەشکرد، ئەو دۆسیەیە وەک خۆی ماوەتە، بەهۆی ئەوەی دوێنی لە سەرتاسەری عێراق پشووی فەرمی بووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.7.2026 دەست بەلێکۆڵینەوە کراوە لەسەر ئەو بابەتە، هەروەها دادوەر پرسیاری ئەوەی لا دروستبووە کە، چۆن ئەو منداڵە لە دەرەگای سەرەکی و پرسگەی مەلەوانگەکە تێپەڕیوە، کەس نەیبینیوە؟!، ئەمەش گومانی لای دادوەری ئەو کەیسە دروستکردووە.

بەقسەی سەرچاوەکە، دادوەر داوای پێداچوونەوە و پشکنینی کامێراکانی چاودێری گەڕەگ و بنکە وەرزشییەکەی کردووە، هەروەها دەبێت لێپێچینەوە لە پاسەوانانی بنکەکە بکرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری