خاشاک و ئاگرکەوتنەوە کارەبای زانکۆی ڕاپەڕین و چەند فەرمانگەیەکی رانیە دەبڕێت

964+

پەری ساڵح

بەهۆی کۆبوونەوەی خاشاک و ئاگرکەوتنەوە لە ژێر ستونێکی سەرەکی، زیانێکی زۆر بە تۆڕی گشتیی کارەبای رانیە دەگات و بەهۆیەوە زانکۆی راپەڕین، چەند فەرمانگەیەکی حکومی و بەشێکی ناوچەی پیشەسازی بێ کارەبا بوون.

بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی رانیە بووە، کاتێک خاشاکێکی زۆر لە ژێر ستوون و کێبڵەکانی کارەبادا کۆبووەتەوە و لە لایەن کەسانی نابەرپرسەوە ئاگری تێبەردراوە، بەو هۆیەشەوە کێبڵێکی سەرەکی سووتاوە و زیانێکی زۆر بە ستوون و کەلوپەلەکانی گواستنەوەی وزە گەیشتووە.

بەڕێوەبەرایتی گشتی کارەبای راپەڕین لە هۆبەی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای رانیەی (2) رایگەیاند: “لەم کاتەدا کە هەرێمی کوردستان لەژێر قەیرانی دارایی دایە، چاککردن و دانانەوەی کێبڵ و ستوونی نوێ کارێکی قورسە، بەڵام تیمەکانی چاکسازی بە شێوەیەکی کاتی و کتوپڕ کێشەکەیان چارەسەر کردووە و کارەبایان بۆ شوێنە پچڕاوەکان گەڕاندووەتەوە.”

تیمەکانی کارەبای ناوچەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و خاشاک لە نزیک دامەزراوەکانی کارەبا فڕێ نەدەن تا زیان بە مومتەلەکاتی گشتی نەگات، هاوکات داواش لە لایەنە بەرپرسەکانی شارەوانی دەکەن کە چاودێریی تیمەکانی پاککەرەوە بکەن و کۆتایی بە کەمتەرخەمی لە پاکنەکردنەوەی ئەو شوێنانە بهێنن.