پزیشکەکان: دوو هەفتە لە ماڵەوە بێت
ئەحمەد تەپەڕەشی لە رووداوێکی هاتوچۆدا برینداربوو
بڕوا مەجید – سەیدسادق
هەواڵ هات و زانرا درەنگانی شەوی رابردوو چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە 9.7.2026، ئەحمەد تەپەڕەشی، بەخشراو و کەسایەتی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گەڕەکی خەباتی سلێمانی تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بریندارە.
ئاسەواری برین بە روخسار و جەستەی ئەحمەد تەپەڕەشی هەیە، پزیشکەکان پێیان وتووە، دەبێت دوو هەفتە لە ماڵەوە پشوو بدات.
هاوبەش بەکر، هاوڕێی نزیکی ئەحمەد تەپەڕەشییە ئەو بە 964 وت، کەسێک بەمەبەستی دڵخۆشکردنی ئەحمەد تەپەڕەشی، بە ماتۆڕسکیلێک پیاسەی پێ کردووە، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا لە جۆری “مەلیکە” خۆی پێدا کێشاون، بەهۆی رووداوەکەوە ئەحمەد تەپەڕەشی بەسەختی بریندار بووە، لە کاتێکدا لە میوانی بووە لە شارەکە و خۆی لە سنووری سەیدسادق نیشتەجێیە.
دەم و چاوی ئاسەواری رووشان و برینی پێوەیە و قاچێکی درزی بردووە، پزیشکەکانیش پێیان راگەیاندووە کە دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و پشوو بدات، هاوبەش دەڵێ، ئەحمەد سەرەرای ئەوەی بەخشراوە، کوڕێکی ئازیزە و هەمیشە توانیویەتی خەندە بخاتە سەر لێوی خەڵک، بۆیە ئێستا هاووڵاتیان بە بیستنی ئەم هەواڵە زۆر خەمبارن و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەخوازن.
ئەحمەد تەپەڕەشی، تەمەنی 40 ساڵ خاوەن پێداویستی تایبەتە و خەڵک وەک کەسایەتییەکی بەخشراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و خۆشیان دەوێ، قسەخۆشی و ڤیدیۆ کۆمیدییەکانیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێگەیەکی تایبەتی لەناو دڵی هاوڵاتیانی قەزای سەیدسادق و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دروست کردووە.
بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی خۆی بە ئەحمەد تەپەڕەشی و شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەدا کێشاوە دەستی بەسەرداگیراوە و کەسوکاری سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا