خەڵکی سلێمانییە و لە کەلار دەخوێنێ
خوێندکاری بەشەناوخۆییە و شەوان تەراویح بەڕێوەدەبات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ خوێندن لە پارێزگای سلێمانییەوە چووەتە قەزای کەلار، لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان دەخوێنێت، جگە لە خوێندنەکەی و ژیانی بەشە ناوخۆیی، شەوان دەچێتە مزگەوتەکان و پێشنوێژی دەکات و نوێژی تەراویح بەڕێوەدەبات.
دۆستی ئەحمەد، تەمەنی 19 ساڵە، خوێندکارە لە قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی گشتی، خۆی خەڵکی سلێمانییە و لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی گەرمیان دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگێکی بەچێژی ھەیە و لە مزگەوتەکانەوە بانگی دەکەن بۆ ئەوەی پێشنوێژی و تەراویحیان بۆ بکات.
تۆڕی 964، لە بەشەناوخۆییەوە تا مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی شەوێک یاوەری دۆستی کرد، ئەو خوێندکارە بە 964ى وت، “راستە بەشی پزیشکی و پێشنوێژی و قورئان خوێندن دوو شتی جیاوازن لە یەک، بەڵام خوێندنەکەم ھیچ رێگریەکی لە پێشنوێژی و قورئان خوێندنم نەگرتووە، بگرە خەڵک زۆر هانم دەدەن و دەستخۆشی دەکەن”.
لەو مزگەوتەی ئەو پێشنوێژی دەکات، مامۆستایانی ئاینی دیار و کەسایەتی و خەڵکانی بە ئەزموون و بە تەمەن ریز دەبەستن و نوێژی لە دوا دەکەن، ئەویان کردووە بە ئیمام، “ئەو شەوانەی کە خوێندنم کەمە لە مزگەوتەکان پێم دەڵێن بۆ ئەوەی پێش نوێژیان بۆ بکەم، دوای نانی ئێوارە لە داخلیەوە بەڕێدەکەوم بۆ مزگەوت و پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنان دەکەم”، دۆستی ئەحمەد وای وت.
دۆستی لەگەڵ پێشنوێژییەکەی دەنگی بۆ خوێندنەوەی قورئان سەرنجی خەڵکانێکی راکێشاوە، ئەو وتی،”خەڵک دەنگمیان پێخۆشە و دوای تەواوکردنی نوێژەکە دێنە لام و دەسخۆشیم لێدەکەن و دوعای خێرم بۆ دەکەن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا