حاسڵاتی ئەمڕۆ

ئەمریکا دەڵێت چاومان لەسەر حکومەتی سوریایە و تورکیا و هاوپەیمانەکانیشی ئاگاداربوون

964+

ژووری هەواڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ روبیۆ رایگەیاند: واشنتن پێشوازی لە رێکەوتنی حکومەتی قۆناغی راگوزەری سوریا و هەسەدە دەکات و بەوردییەوە چاودێر دەبێت لەسەر کارەکانی حکومەتی سوریا.

میدیا تورکییەکان دەڵێن: تورکیاو هاوپەیمانەکانی پێشوەختە ئاگاداری رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بوون و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە، بەڵام مەرجی تورکیا ئەوەیە چەکدارانی سەر بەپەکەکە رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵن.

بەپێی زانیاری میدیا تورکییەکان لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکەی ئەردەن بڕیاردراوە گرتوخانەکانی داعش و کامپی خێزانەکانی داعش لە هێزەکانی هەسەدە وەربگیرێنەوەو حکومەتی سوریا سەرپەرشتییان بکات.

حکومەتی سوریا یاداشتنامەیەکی واژۆکردووە بۆ رێکخستنی کاروباری ئیداری و ئەمنی پارێزگای سوەیدای دروزنشین، بەپێی یاداشتەکە حکومەت لەوێ دامودەزگاکانی دەخاتەوە گەڕو رۆڵێکی زیاتر دەدرێت بە خەڵکی شارەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان.

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: تورکیا دەبێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکەو دەیکەینە یەکێک لە ناوەندە دیبلۆماسییە گرنگەکان بۆ ئاشتی.

نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: بۆ ئاشتەوایی دەرفەتێکی مێژوویی رەخساوە و پێویستە هیچ لایەنێکیش پڕۆسەکە تێکنەدات، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تورکیا کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکەش دەبێت.

حکومەتی سویسرا رایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەین و بە گرنگی دەبینین بۆ چەسپاندنی ئاشتی، لەسەر داوای لایەنەکان ئامادەین رۆڵی ناوەندگیری بگێڕین.

دەم پارتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەپێناو پەیداکردنی پشتیوانی بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ وەفدی دەم پارتی لەگەڵ هەرسێ پارتی ئایندەو سەعادەت و کرێکاران کۆبووەوە.
کاتێکی ئارام

سەرۆکی هەرێم دەڵێت مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزن و وڵا...

سەرۆکی هەرێم دەڵێت مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزن و وڵاتانی عەرەبیش بەدەم رێکەوتنەکەوە هاتن