سەروو 70 دۆلارە

نرخی نەوت کەمێکی دیکە بەرزبووەوە

شۆڕش قادری

دواى ئەوەى نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە خوار 70 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەکرا، چەند رۆژێکە کەمێک بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆش سەروو 70 دۆلارە.

ئەمڕۆ شەممە 15.3.2025، لە کاتى کردنەوەى بازاڕى جیهانیی نەوت، نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 70 دۆلار و 58 سەنت دیاریکراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە، نرخەکەی 1٪ بەرزبووەتەوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بە 67 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخەکەی 0.59٪ بەرزبووەتەوە.

نزیکەی دوو هەفتە پێش، ئۆپیک بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەى ئاستى هەناردەى نەوت و بەوهۆیەشەوە، نرخەکەى رووى لە دابەزین کرد و رۆیشتەوە خوار 70 دۆلار.

لە سەرەتاى ساڵى نوێ و سەروبەندی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک، لە 85 دۆلار نزیک بووەوە، بەڵام دواتر سەربەرەوخوار بووەوە.

نرخى نەوت لەسەروو 70 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت

نرخى نەوت لەسەروو 70 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت