كاری لیژنەكانی چاودێری لە بازاڕەكانی دهۆك و دەوروبەری
لە دهۆک
120 كیلۆگرام كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەردا گیرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەڵمەتێكدا لە دهۆک دەست بەسەر 120 كیلۆگرام كەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گیرا و 5 شوێنكاریش سزادران.
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی دهۆک رایگەیاند، لە درێژەی بە بەدواداچوونەكانیان بۆ كاروباری بازاڕ و نەهێشتنی كەلوپەلی بەسەرچوو، لە سەنتەری شاری دهۆک و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری، چەندین شوێنی بازرگانی و كۆگا و كارگەی دروستكردنی شیرینی، سەمونخانە، بازاڕی میوە و سەوزە و گۆشتفرۆشیان بەسەركردووەتەوە و پشكنینیان بۆ كردوون.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، لە ئەنجامی گەڕانەكاندا لیژنەكانیان توانیویانە دەست بەسەر 120 كیلۆگرام كەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا بگرن، هەروەها پێنج شوێنكاریان سزاداوە و غەرامەیان كردوون، جگە لەوەی هۆشدارییان بە 16 شوێنكاری دیكە داوە، كە كاروباریان رێكبخەنەوە و كەموكوڕییەكانیان چارەسەر بكەن.
چاودێریی بازرگانیی دهۆك ئەوەی راگەیاندووە، ئەوان جگە لە سەنتەری شار، لە قەزا و ناحیەكانی (سێمێل، شێخان، ئاکرێ، بەردەڕەش و ئامێدی) گەڕان و پشكنین دەكەن و سەرپێچییەكان ناهێڵن.