چوارەمیشە لە بەرهەمهێنان

عێراق لە ژمارەی دارخورما یەكەمی جیهانە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرپرسێكی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، عێراق لە ژمارەی دارخورما یەكەمە لە جیهاندا، هەروەها چوارەم وڵاتیشە لە رووی بەرهەمهێنانی خورماوە.

میساق عەبدولحوسێن بریكاری هونەری لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ شەممە 15.3.2025 ئاشكرای كرد، لە رووی ژمارەی دارخورماوە عێراق پلەی یەکەمی لە جیهاندا گرتووە، هەروەها لە رووی بەرهەمهێنانی خورما لە جیهاندا لە پلەی چوارەمە.

وتیشی، عێراق لە ساڵی 2024دا 700 هەزار تۆن خورمای هەناردە کردووە.

میساق عەبدولحوسێن بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەی كردووە و رایگەیاند، “لە ساڵی 2025ەوە ژمارەی دارخورما لە عێراق بە زیاتر لە 22 ملیۆن دارخورما مەزەندە دەکرێت، پلانیش هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ 30 ملیۆن دارخورما زیاد بکرێت”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “سەبارەت بە ریزبەندی وڵاتان لە رووی ژمارەی دارخورماوە، هەندێک داتا ئاماژە بەوە دەکەن عێراق بە 22 ملیۆن دارخورما لە پلەی یەکەمدایە، دواتر ئێران بە 21 ملیۆن دارخورما، دواتر سعودیە بە 12 ملیۆن دارخورما، جەزائیر بە 9 ملیۆن دارخورما، هەروەها میسر و لیبیا بە هەریەکەیان 7 ملیۆن دارخورما.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، “لە رووی بەرهەمهێنانی خورماوە، عێراق بەپێی دوایین داتاکان لە پلەی چوارەمی جیهاندایە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنانی خورمای هەبووە”.

“لە ساڵی 2022 بەرهەمی عێراق گەیشتە زیاتر لە 650 هەزار تۆن خورما، لە ساڵی 2023دا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 725 هەزار تۆن، هەروەها لە ساڵی 2024دا بەرهەمی 800 هەزار تۆنی تێپەڕاند، زیاتر لە 700 هەزار تۆن هەناردەی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان کرا”، میساق عەبدولحوسێن وادەڵێت.

عێراق ژماره‌ى دارخورماكانى لەساڵی داهاتوو ده‌گه‌یه...

عێراق ژماره‌ى دارخورماكانى لەساڵی داهاتوو ده‌گه‌یه‌نێته‌ 25 ملیۆن دار