رێباز حاملان، بریکارى وەزارەتى دارایى عێراق دەستى لەکارکێشایەوە
دەستى لەکارکێشایەوە
رێباز حاملان: سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە
964+
وریا فەتاح
رێباز حاملان، بریکارى وەزارەتى دارایى عێراق، هۆکارى وازهێنان لە پۆستەکەى رووندەکاتەوە و دەڵێت: مافی خەڵكی كوردستان زۆر گەورەترە لە پۆست و پلە و پایە، بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.
لە پۆستێکدا کە لە پەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوى کردووەتەوە، رێباز حاملان نوسیویەتى،”لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە”.
وەک ئەوەى رێباز حاملان باسى دەکات، لەگەڵ دەستبەکاربوونى لە پۆستەکەى وەک بریکارى وەزارەتى دارایى عێراق، دیدارو کۆبوونەوەى لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا لە ئاستی زۆر باڵا کردووە و، بەرگری لە مافەکانی ھەرێم کردووە و وەک دەڵێت،”راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێیکراوە و هەموی جێبەجێ کردووە”.
“لەم ساڵدا لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن”، رێباز حاملان وا دەڵێت.
جەختیش دەکاتەوە، بۆ جاری دووەم بڕیارى داوە و بە رەواى نەبینیوە بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بێت لە بەغدا و موچە و ئیمتیازات وەربگرێت، بەڵام وەزارەتەکەى هۆکارى نارەحەتى میللەتەکەى بێت.
ئاشکراشى کردووە، لە کۆتایی مانگی یەک بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبەکەى لە بابەتى دەستلەکارکێشانەوەى ئاگادار کردووەتەوە و داواى کردووە دەستلەکار بکێشێتەوە.