شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

هێرشەکانی سەر ئیمارات و تەقوتۆقی ناو گەرووی هورمز

شۆڕش قادری

ئیمارات و ئێران ددان لەیەک دەسوون و ترەمپیش دەڵێت، ئێران لەکۆڵ خۆی نەکەوێتەوە لەسەر زەوی دەسڕدرێتەوە.

شەوی رابردوو ئیمارات درایەبەر هێرشی درۆنی و موشەکی و دواتر وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە رایگەیاند، 15 موشەک و چوار درۆنمان ئاڕاستە کراوە، زۆربەیان تێکشکێنراون و چەند دانەیەکیشیان کەوتوونەتە ناو دەریا.

هەرچەندە ئیمارات هێرشەکەی خستە ئەستۆی سوپای ئێران و رایگەیاند، مافی وەڵامدانەوەیان هەیە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە لەزاری بەرپرسانی باڵای سەربازیی تارانەوە بڵاویانکردەوە، ئەوان هیچ پلانێکیان بۆ بەئامانجگرتنی خاکی ئیمارات نەبووە.

سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، ئیمارات ماڵی لە شووشەیە و ئەگەر هەنگاوێکی ناژیرانە بگرێتەبەر، هەموو بەرژەوەندییەکانی دەکەینە ئامانج.

دوای هێرشەکان مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شێخ عەبدوڵلا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات بەتەلەفۆن قسەیان کرد، مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان کردەوە.

جگە لە خاکی ئیمارات لە گەرووی هورمزیش هێرش کرایەسەر چەند کەشتییەک، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتیی چەند وڵاتێک کە پەیوەندییان بە ململانێکانەوە نییە، لە ناویاندا کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور، رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کۆریای باشووریش بێت و پەیوەندی بە ئەرکەکەوە بکات.

ترەمپ هۆشداری توندی دایە ئێران و دەڵێت،  “ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کەشتییەکانمان ئێران لەسەر زەوی دەسڕینەوە”.

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، سوپای ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران و نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چەند کاتژمێری رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ئەنجامداوە.

درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک کۆشکی سپی تەقەکرا، رووداوەکە زیانی گیانی و ماددی نەبوو، بەڵام هەرزوو دەرگاکانی کۆشکی سپی داخران و خەڵک لەو دەورووبەرە دوورخرانەوە.

درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای نێوان کەرکوک – هەولێر و بە دیاریکراوی لە نزیک گومرکی دارەمان، تانکەرێکی گواستنەوەی نەوت مەقەستی کرد و خۆی بە دوو بارهەڵگری شیشدا کێشا، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە گەڕەکی 11ـی ئەیلوول لە قەزای ئاکرێ، ئۆتۆمبێلێک لە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵانی دا و گیانی لەدەستدا.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026ـی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە تاقیکردنەوەکان لە 14.6.2026 دەستپیدەکەن و لە 8.7.2026 کۆتاییان دێت.