کەشەکە کەمێک گەرمتر دەبێت

لە هەندێک شوێن باران دەبارێ و تۆزوخۆڵەکەش وازوو ناڕوا

شۆڕش قادری

هەرچەندە بارانبارین لە هەندێک شوێن و ناوچەی کوردستان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەو تۆزوخۆڵەی بە ئاسمانەوە دەبینرێت وازوو بەرۆکی ناوچەکە بەرنادات و پلەی گەرماش کەمێک بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی بارستە هەوایەکی فێنک تێکەڵ بە تۆزوخۆڵ لە چینەکانی سەرەوە، هەندێک جار خێرایی با زیاد دەکات بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان، پاش نیوەڕۆ ئەگەر هەیە لە چەند شوێنێک بارانی بەلێزمە ببارێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت.

پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرزتر دەبێتەوە و بەهۆی تۆزوخۆڵەوە مەوادی بینین بۆ حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.

بۆ سبەی چوارشەممەش کەشەکە هەروا دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت، تۆزوخۆڵەکە زیاتر روو لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک  دەکات و پێشبینیش دەکرێت تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەپلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ:

هەولێر: 26 پلەی سیلیزی

پیرمام: 22 پلەی سیلیزی

سۆران: 25 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 27 پلەی سیلیزی

دهۆک: 24 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 26 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی