تا ئەم بەیانییە 20 سانتیمی تێکردووە
بەفر بەردەوام دەبارێ و نەیهێشتووە رێگەی سۆران و راپەڕین بکرێتەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە دوێنێ پێنجشەممە ئێوارەکەیەوە، لە زینی وەرتێ بەفر بارین دەستی پێکردووە، بەفرێکی باشی تێکردووە زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر باریوە، نەک ئەوە رێگای سۆران بۆ راپەڕینی داخستووە.
ئەو بەردەوام بوونی بەفرە، وای کردووە تیمەکان نەتوانن رێگاکە پاک بکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 21.2.2025، هەژار حاجی، سەرۆکی شارەوانی وەرتێ بۆ 964 وتی،لە دوێنێ شەوەوە بەهۆی بەفربارین رێگای زینی وەرتێ داخراوە، تاوەکو ئێستاش رێگاکە خاوێن نەکراوەتەوە، گرفتەکە ئەوەیە بەفر بارین بەردەوامە و تاوەکو بەفربارین بەردەوام بێت ناتوانین رێگاکە پاک بکەینەوە.
ئیبراهیم وەرتی، دانیشتوویەکی وەرتێیە ئەو بە 964ـی وت، قیاسیان کردووە تاوەکو کاتژمێر 9:00 بەیانی زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر باریووە، هیچ ئۆتۆمبێلێک رێگای نەبووە بڕوات، تەنانەت سەیارەی دەبل ئەکسلیش دەرناچێ.
رێگای زینی وەرتێ، رێگایەکی تاک سایدی پێچاوپێچە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین بە یەکەوە دەبستێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا