سلێمانى
کەوچک و چەتاڵە کۆنەکان دەکرێن بە خشڵ و ملوانکە
+964
رازاو محەمەد- سلێمانى
چیتر پێویست ناکات ئەو کەوچک و چەتاڵە ستیلانەى نانیان پێ دەخۆیت دواى کۆنبوون فڕێیان بدەیت، چونکە گەنجێکى کارساز و دەستڕەنگینى شارى سلێمانى، ئەو کەوچکەت بۆ دەکاتە ئەڵقەى پەنجە و ملوانکە و ئەنگوستیلە.
شاڕێ حەمەرەشید ئەو گەنجە بە سەلیقەى شاری سلێمانییە، دوای 15 ساڵ لە حەز و خولیا، خەونەکەی کردووە بە راستی و لە دووکانە نوێکەیدا پڕۆژەیەکی جیاوازی دەستپێکردووە.
ئەو لە رێگەی گۆڕینی کەوچک، چەتاڵ و چەقۆی ستیل، جوانترین جۆری خشڵ و ئێکسسواراتی وەک ئەنگوستیلە و ملوانکە دروست دەکات.
شاڕێ کە ساڵ و نیوێکە سەرقاڵی ئەم کارە دەستییەیە، پەیامێکی بۆتان هەیە و دەڵێت، “کەوچک و چەتاڵە کۆنەکانی ماڵتان فڕێ مەدەن، بیهێنن بۆ لای من، تا چەتاڵێکی بێسوود بکەم بە ملوانکەیەکی ناوازە بۆ ملی خۆشەویستانتان”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح