دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت تەوەرى سەرەکى دەبێت

ئەنجومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە

وریا فەتاح

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران، کۆدەبێتەوە و گرنگترین تەوەرى کۆبوونەوەکەش پرسى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتە.

بەگشتى رۆژانى چوارشەممەى هەموو هەفتەیەک، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجام دەدەت، بۆ ئەمڕۆش، سێ تەوەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

لە بڕگەی یەكەمدا پوختەی بەشداریی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان، كە لە دوبەی لە رۆژانی (11-13)ی شوبات بەڕێوە چوو، دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی كوالیتیی كۆنترۆل و پۆلێنكردنی بەڵێندەران وەكوو یەكێك لە دەرەنجانەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێم و فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا دەرەنجامی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هەولێر لە ڕۆژی 18ی 2ی 2025 تایبەت بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێ.