شارباژێڕ
لەرووداوێكی هاتوچۆدا حەوت كەس بریندار بوون
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لە شارباژێڕ بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە حەوت كەس بریندار بوون.
سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ی وت، رووداوەكە لە شاخەسووری ناوچەی شارباژێڕ روویداوە، دوو ئۆتۆمبێل لە دوو ئاراستەی جیاواز هاتوون و بەیەكیاندا كێشاوە، لە ئەنجامدا حەوت كەس لە سەرنشینی هەردوو ئۆتۆمبێلەكە بریندار بوون.
وتیشی “بەسێ تیمی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی گەیشتینە سەر روداوەكە، سەرەتا چارەسەری سەرەتاییان بۆ كراوە و دواتر گەیەندراون بۆ نەخۆشخانەی قەڵاچوالان و بۆ چارەسەری پێویستیش هێنراون بۆ نەخۆشخانەی شار و لەوێ دەمێننەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، لەناو هەردوو ئۆتۆمبێلەكە نۆ كەسی تێدابووە و دوانیان سەلامەتن، ئەوانەی دیكە سەرجەمیان بریندارن و سەر و دەست و قاچیان شكاوە، یەكێك لە بریندارەكانی روداوەكەش منداڵێكی شەش مانگە وتیشی “بریندارەكانیش مەترسی لەسەر ژیانییان نەماوە” ئەوەش قسەی سامان نادرە.
پێداظوونەوە؛ فەرهاد حەسەن