لۆگۆی سیستمی بانکیی هەژماری من
دوو بانکی نێودەوڵەتی دێنە ناو پرۆسەکە
بانکەکانی هەژماری من سەلامەتن و سزاکان نایانگرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان عەزیز ئەحمەد ئاشكرای كرد، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، دوو بانکی نێودەوڵەتیی بەناوبانگ دێنە ریزی هەشت بانکەکەی دیکەی ناو پڕۆژەی “هەژماری من”.
عەزیز ئەحمەد لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، “هەواڵی قەدەغەکردنی مامەڵەی دۆلارمان لە چەند بانکێکی دیکەی عێراقی بینی، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوانەی هەژماریان لەو بانکانە هەیە ناتوانن کارتەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بەکاربهێنن، لە پاڵ کۆمەڵێک بێبەشبوونی دیکەش”.
هەروەها نووسیویەتی، لە بەرامبەردا بانکەکانی نێو پڕۆژەی (هەژماری من)، کە پڕۆژەی گشتگیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ناکەونە ژێر باری سزاکانی ئەم هەواڵە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بە ناو رێکارێکی وردبینی تایبەتدا دەڕۆن، بەر لەوەی بەشداریبوونیان ببێتە فەرمی، لە ناو ئەم وردبینییانەدا، وردبینی داهات و خەرجییەکان و پابەندییان بە رێکارەکانی بانكی ناوەندیی عێراق.
عەزیز ئەحمەد ئاشكرای كردووە، “لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، دوو بانکی نێودەوڵەتیی بەناوبانگ دێنە ریزی هەشت بانکەکەی دیکەی هەژماری من، کە ئەمەش متمانەی هەمووان بۆ پڕۆژەکە دووپات دەکاتەوە”.
ئەم پۆستەی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی بڵاوكردەوە، بانکی ناوەندی عێراق پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا، پێنج بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی قەدەغە کردووە.
بانکەكانیش بریتیین لە موشریقی عەرەبی ئیسلامی، بانکی یەکگرتوو بۆ وەبەرهێنان، بانکی سەنەمی ئیسلامی، بانکی میسکی ئیسلامی و بانکی ئەمینی عێراقی ئیسلامی.