لە ئامادەکاریدان

نزیکەی سێ هەزار پارچە زەوی لە دهۆک دابەشدەکرێ

ئەحمەد مستەفا

نزیکەی سێ هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک ئامادە کراون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەسەر فەرمانبەرانی شایستەدا دابەش بکرێن.

دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، رێکارەکانی ئامادەکردنی زەوییەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا تەواو بکرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردن دەستی پێ بکات.

بەپێی زانیارییەکان، لە شارەوانیی فەیدیێ نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی، لە شارەوانیی ڕوڤیا 800 پارچە و لە شارەوانیی کورا 200 پارچە زەوی ئامادە کراون.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم سوودیان لێ وەرگرتووە.