"دینەکەمان پێمان دەڵێت بخوێنن"

مەلامەزهەر خۆراسانی لە پێشانگای کتێب: خوێندنەوە خۆراکی مێشکە

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

مەزهەر خۆراسانی، مامۆستای ئایینی لە لێدوانێکدا بۆ 964 لە میانی بەشداریکردنی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی خوێندنەوە کردەوە و رایگەیاند، خوێندنەوە پێداویستییەکی سەرەکیی مرۆڤە و خۆراکی هزر و بیرکردنەوەیە.
خۆراسانی ئاماژەی بەوە کرد: “هەروەک چۆن گەدە پێویستی بە خواردن هەیە بۆ ئەوەی بژی، بە هەمان شێوە مێشک و هۆشی مرۆڤیش پێویستی بە خوێندنەوەیە، ئایینەکەشمان یەکەم فەرمانی ئەوە بووە کە ‘بخوێنە’، بۆیە پێویستە هەمیشە بخوێنینەوە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو مامۆستا ئایینییە وەڵامی ئەوانەی دایەوە کە دژایەتی یان رەخنە لە کتێب و کلتووری خوێندنەوە دەگرن و بە نەخۆش وەسفی کردن و وتی، “ئەوانەی رەخنە لە کتێب دەگرن، وەک ئەو کەسە نەخۆشە وان کە ئاوی سازگار و شیرین دەخواتەوە بەڵام لە دەمیدا بە تاڵ دەچێژێت، لە ڕاستیدا ئاوە سازگارەکە تاڵ نییە، بەڵکو نەخۆشییەکەی ناو دەمی خۆیەتی کە وای لێدەکات هەست بە تاڵیی بکات.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح