
بەرمیلێک نەوتی قاچاخی کەرکوک بە 170 هەزار دینارە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
نرخی یەک بەرمیل نەوتی قاچاخی کەرکوک لە شاری سلێمانی بە 170 هەزار دینارە، ئەوەش لەکاتێکدایە نرخی یەک بەرمیل نەوتی بازرگانی بە 230 هەزار دینارە.
بە پێی سۆراغی 964، ئەو نەوتەی لە کەرکوکەوە دێتە سلێمانی، لە رێگەی کۆبۆنەوە لە بەنزینخانەکانی کەرکوک وەردەگیرێت و دەگەیەندرێتە ناوشاری سلێمانی.
تۆڕی 964 لە زاری ئەوانەوە دەزانێت کە نەوتەکە دەهێنن، ئەوان تا سێ بەرمیل و بە کۆبۆن دەتوانن لە بازگەکانەوە بێنە ناو سلێمانییەوە، بەڵام کە لە سێ بەرمیل نەوت زیاتر بوو، “بە رێگەی قاچاخدا دێینە ناو سلێمانییەوە”.
بە پێی بەدواداچوونەکانی 964، ئەو نەوتەی کە بە 230 هەزار دیناریش دەفرۆشرێت بەشێکی بە قاچاخ دێتە ناو سلێمانییەوە.
دلێر زەینەدین، لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی 964 ی ڕاگەیاند: ئاگاداری ئەو نەوتە نین بە رێگای قاچاخ دەچێتە ناو شاری سلێمانی و تەنها بەرپرسین لە نەوتی حکومی.
دەشڵێت “ئەگەر ئەو نەوتە قاچاخە نەبێت نرخی بەرمیلێک نەوت دەچێتە نزیکەی 600 هەزار دینار”.