کێشەى کەمئاوى لە قوشتەپە چارەسەر دەکات

12%ـى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قوشتەپە تەواو بووە

وریا فەتاح

پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قوشتەپە بەردەوامە لە کارکردن و لە ئێستادا 12%ـى کارەکانى تەواو بووە، بەڕێوەبەرى ئاوى دەورووبەرى هەولێریش دەڵێت،”نیازمان وایە لە ماوەى یەک ساڵدا تەواوى بکەین”.

مانگى 9ـى ساڵى 2024، پڕۆژەى ئاوى قوشتەپە و دەوروبەری خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە کە ئاوى خواردنەوەى قوشتەپە و 65 گوند لەخۆى دەگرێت.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر به‌ 964ـى وت،”کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و لەئێستادا 12%ـى کارەکانى تەواو بووە و نیازمان وایە لە ماوەى یەک ساڵدا تەواوى بکەین، واتا پێش ئەو وادەیەى کە بۆى دیاریکراوە تەواوى بکەین”.

تێچووى پڕۆژەکە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینارە و رۆژانە 173 مەتردوجا ئاو دابین دەکات، سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.

بە وتەى رێزان سەعید، بە تەواوبوونى پڕۆژەکە، ژمارەیەکى زۆرى بیر دادەخرێن کە فەرمانگەى میدیا و زانیارى بە 111 بیر دەیخەمڵێنێت.