رزگارکردنى کەوێک لەلایەن پۆلیسى دارستانى پێنجوێنەوە
لەلایەن پۆلیسى دارستانەوە
کەوێک کە بۆ راوکردن دانرابوو رزگارى کرا
وریا فەتاح
پۆلیسى دارستان و ژینگە، لە سنوورى پێنجوین کەوێکیان رزگارکرد کە بۆ راوکردنى کەوى دیکە دانرابوو.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردووەتەوە، مەفرەزەکانیان لە سنوری گوندی کۆلیتان کەوێکی زیندوو دەبینن کە لە قەفەزێکدایە لەگەڵ دوو دەسکە داو کە لەلایەن راوچیەکەوە بە مەبەستی راوکردن دانراوە ، دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەو حاڵەتە ئەوەیە، راوچییەکان کەوێک لە قەفەز دادەنێن یان لە شوێنێک دەیبەستنەوە و چەندین داو و تەڵە دادەنێن، تا کەوى تر بەهۆى کەوەکەوە بێن بۆ ئەو شوێنە و پێوەبن.
هەرچەندە کەوەکە ئازادکرا، بەڵام وەک ئەوەى پۆلیس باسى کردووە راوچییەکە لەوێ نەبووە تا دەستگیرى بکەن.