ماوەیەک بوو راگیرابوو

فڕۆکەخانەی کەرکوک گەشتەکانی بۆ ئیستانبوڵ دەستپێکردەوە

ژووری هەواڵ

دوای ماوەیەک لە راگیرانی گەشتەکانی نێوان کەرکوک ئیستانبوڵ، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی کەرکوک دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17.5.2026 فڕۆکەخانەی کەرکوک رایگەیاند، پاش ئەوەی بۆ ماوەیەک گەشتەکانی نێوان کەرکوک و ئیستانبوڵ راگیرابوو، گەشتەکان دەستیان پێکردەوە و ئەمڕۆ یەکەم گەشت ئەنجامدرا.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی بەرنامەی گەشتەکان، هەفتانە چوار گەشت لە رۆژانی (یەکشەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی) ئەنجام دەدرێن.

ئاماژە بەوەشدرا کە هەوڵێک هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتەکان و رێکخستنی گەشت لە شەواندا چونکە داواکارییەکان روو لە زیادبوون دەکەن.

فڕۆکەخانەی پارێزگای کەرکوک دەشڵێت، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان هەنگاوێکی گرنگە چونکە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکات و بەشدارە لە بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و گەشتیاری لە پارێزگاکەدا.