دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
دۆناڵد ترەمپ:
“رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران دەخرێتە بەردەم کۆنگرێس”
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران دەخرێتە بەردەم کۆنگرێس و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، قالیباف و ڤانس لە رۆژی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە ئامادە دەبن.
دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی لوتکەی G7 و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات وتی، رێککەوتنەکە لەسەر یەک شتە، ئەویش ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت، ئاشکراشیکرد، رێککەوتنەکە دەخرێتە بەردەم کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی.
ترەمپ بەڵێنیشیدا وردەکاری و دەقی رێککەوتنەکە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا لەبەردەم چاوی کامێراکان ئاشکرا بکرێت.
هاوکات مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە رۆژی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادە دەبن بەڵام هێشتا دیار نییە لە چ وڵاتێک ئیمزا دەکرێت.