سێ زلهێزەکەی جیهان سەرقاڵی پرسی ئێرانن
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
سێ زلهێزەکەی جیهان سەرقاڵی پرسی ئێرانن و تارانیش دەڵێ سوپرایزی گەورەترمان هەیە
شۆڕش قادری
هەفتەیەکە سێ زلهێزەکەی جیهان سەرقاڵی پرسی ئێرانن و تارانیش وەک نە بای دیبێ و نە بۆران و دەڵێ؛ سوپرایزی گەورەترمان هەیە بۆتان؛ کورت و پوخت پێتان دەڵێین؛ شەوی رابردوو چی روویدا؟
دوای سەردانەکەی هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین، دوێنێ ئێوارە ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیاش گەیشتە پەکین و بڕیارە لە گەڵ سەرۆک و کاربەدەستانی چین زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدات، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیش ململانێی ئێران و ئەمریکایە.
دۆناڵد ترەمپ: ئامادەبووین و تەنیا یەک کاتژمێر دوور بووین لە ئێران بدەین، لەوانەیە ناچار بین گورزێکی دیکەی لێ بوەشێنین.
دوای قسەکانی ترەمپ نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا تاڕادەیەک دابەزی و ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە سەروو 107 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و نیو ملیار دۆلاری دیجیتاڵی ئەو وڵاتەی سڕ کرد
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: توانیومانە رێگری بکەین لەوەی ئێران ملیاران دۆلار لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستبهێنێت و ئەو پرۆسەیەمان پەکخستووە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا: شەڕی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ ئێران نابێتە جەنگێکی هەمیشەیی.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: وانەی باش فێربووین و زانیاری زۆرمان بەدەستهێناوە، دڵنیابن بە گەڕانەوە بۆ مەیدانی شەڕ تووشی سەرسوڕمانتان دەکەین و سوپرایزی گەورەمان دەبێت.
غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ ئێمە تەسلیمبوون هیچ مانایەکی نییە، یان سەردەکەوین یان شەهید دەبین.
نیویۆرک تایمز: ئامانجی سەرەکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرش کردنەسەر ئێران، هێنانە سەرکاری ئەحمەدی نەژاد بوو.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم): لە چوارچێوەی گەرمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران رێڕەوی 89 کەشتی بازرگانیمان گۆڕیوە و کارکردنی چوار کەشتیشمان راگرتووە.
سی بی ئێس: سوپای ئەمریکا لانیکەم 10 مین دەریایی ئێرانی لە گەرووی هورمز پوچەڵ کردووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.7 پلە بەپێوەری ریختەر بەندەری لافت لە پارێزگای هورمزگانی ئێران هەژاند و دوێنێش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلە لە پارێزگای لوڕستان روویدا.
تۆڕی هەواڵی (BBC) بڵاویکردەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی کاردۆ جاف قاچاخچییە ناسراوەکەی کورد لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە.
ئەو گەنجە 28 ساڵەیە تۆمەتبارە بەوەی کە یەکێکە لە سەرکردە سەرەکییەکانی تۆڕێکی گەورەی “قاچاخچێتی مرۆڤ” کە لە ساڵانی رابردودا هەزاران کۆچبەری بە نایاسایی رەوانەی بەریتانیا کردووە.
هۆگر ئەحمەد ئەو گەنجەی ڕۆژانە بە وێنە جوانەکانی سروشتی هەڵەبجە پیشان دەدات، لە کاتی وێنەگرتن لە ئەودیوی شاخی شنروێ تووشی رووداوێکی هەڵدێران بوو، بەڵام سەلامەت دەرچوو.