درێژییەکەی 380 کیلۆمەترە

دیوارێکی کۆنکرێتی لە سنووری نێوان عێراق و سووریا تەواو کرا

فەرهاد حەسەن

فەرماندەی هێزەکانی سنوور رایگەیاند، دانانی به‌ربه‌ستی کۆنکرێتیی لەسەر سنوورەکانی وڵات لەگەڵ سووریا درێژاییەکەی گەیشتووەتە 380 کیلۆمەتر.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بلاویکردەوە، فەریق محەمەد سوکەر، فەرماندەی هێزەکانی سنوور ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاندووە، کە ئەوان پشت بە چەند کارگەیەکی سەربەخۆ دەبەستن بۆ تەواوکردنی قایمکاری، خزمەتگوزاری، ژێرخان و ڕێگاکانی سنوورەکانیان.

دەشڵێت “کارگەکەیان لە ساڵی 2023 دا بە پاڵپشتی وەزارەت چالاککراوەتەوە، بە شێوەیەک کە کەرەستە بیناسازییە پێویستەکانی بۆ تەرخانکراوە”.

لە ماوەی رابردووشدا لەرێگەی بلۆکی کۆنکرێتی ئەو کارگەیەوە دیوار لەسەر سنووری عێراق و سووریا دورستکراوە، کە لە چیای شنگال لە باشوورەوە تاوەکو باکووری رەبیعە درێژ دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەم کار و بەرهەمهێنانە بەشداربووە لە کەمکردنەوەی تێچووی دروستکردنی به‌ربه‌ستی کۆنکرێتییەکان، بە شێوەیەک کە تێچووی ئەم قۆناغەی دیوارەکە بە بەراورد بەو کۆمپانیایانەی لە شوێنەکانی تردا کاردەکەن بۆ نیوە کەمبووەتەوە”.

دەشڵێت “ئەمڕۆ دیوارێکی کۆنکرێتیمان بە درێژایی 380 کیلۆمەتر، لەسەر سنوورمان لەگەڵ سووریا تەواوکردووە، کە بە یەکێک لە قایمکارییە گرنگەکانی سەر سنوور دادەنرێت”.