مانگرتنەکەى سلێمانى شکێنرا
“ئاواتمان بەجێبێنن مانگرتنەکە بشکێنن”
964+
وریا فەتاح
دواى تێپەڕبوونى 15 رۆژ، سەدان کەس چوونە بەردەم خێوەتى مانگرتوان و بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد “ئاواتمان بەجێبێننن مانگرتنەکە بشکێنن”.
دواى هوتاف و داواى ئەو سەدان کەسە، مانگرتوان کە بە کە بە جلى سپى هاتبوونە پێشوازى ئەو خەڵکە، چوونە ژێر خێمەکە و دواتر هاتنە دەرەوە و بڕیاریاندا مانگرتنەکەیان بشکێنن.
دواى هاتنە دەرەوەى مانگرتوان، هادى حەمەڕەشید، بەناوى خێمەى مانگرتوانەوە پەیامێکى خوێندەوە و وتى،” سوپاسى هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە پەیامى ئێمە تێگەیشتن”.
“رێگەمان بدەن گلەیى لە ئۆپۆزسیۆن بکەین، ئەوان ناتوانن هیچ جوڵەیەک بکەن و پەرتەوازەن”، هادى حەمەرەشید واى وت.
وتیشى،”نەچووینە ژێر بەڵێنى دەسەڵاتداران و مانگرتنەکەمان نەشکاندا، بەڵام لەژێر فشارى ئەو دایکانەدا کە بە قورئانەوە هاتنە ژێر خێمەکە بڕیارماندا مانگرتنەکە بشکێنین”.
شکاندنى مانگرتنەکە دواى ئەوەهات، ئەوان ماوەى 15 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆش دوکاندارانى بازاڕى سلێمانى و هەڵەبجە، دوکانەکانیان داخست و پشتیوانیان بۆ دەربڕین.