چوار رۆژ بوو داخرابوو

کارمەندانی مۆنتانا بە جلی کوردییەوە کافتریاکەیان کردەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەبڕیاری پارێزگار و ئاسایشی هەولێر کافتریای مۆنتانا کرایەوە و کارمەندەکانی بەجلی کوردییەوە پێشوازیان لە موشتەرییەکانیان کرد.

کافتریای مۆنتانا رۆژی شەممە 23.5.2026 لەسەر دەنگۆی ئەوەی کە گوایا رێگایان بەکەسێک نەداوە بەجلی کوردییەوە بچێتەناو کافتریاکە داخرا، ئەمڕۆ چوارشەممە 27.5.2026 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ـی وت، “لەڕێی لێدانەوەی کامێرکانی چاودێری و لە لێكۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو بابەتە وانەبووە و گەورە کراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڕیاریانداوە کافتریاکە بکرێتەوە.

وەک نیازپاکی، کارمەندانی مۆنتانا بە جلی کوردییەوە کافتریاکەیان کردەوە و وەک خۆشیان دەڵێن، بەردەوام بەو شێوازە پێشوازی لە موشتەرییەکانیان دەکەن.