خولی پلە یەکی کوردستان.. رواندز لە خاکی بردەوە

+964

ئاسۆ وەرتی

لە کەشێکی باراناویدا، یانەی رواندز لەسەر یاریگەی سۆران لە چوارچێوەی گەڕی 12ـی خولی پلە یەکی کوردستاندا لە یانەی خاکی بردەوە.

سەرەتای یاریەکە هەردوولا هەوڵی گۆڵ تۆمارکردنیاندا، لە کۆتا خولەکی گێمی یەکەمدا یانەی رواندز لە رێگەی یاریزان سوهەیب عومەر توانی گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات.

لە گێمی دووەمی یاریەکەدا یانە خاک هەوڵی زۆریدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و چەندین دەرفەتی گۆڵکردنی لە دەستدا، بەڵام یاریزان سوهەیب عومەر لە خولەکی 77ـی یاریەکە توانی گۆڵی دووەمی خۆی و یانەی رواندز تۆمار بکات، کەمێک دڵنیایی سەرکەوتنی بۆ یانەکەی مسۆگەر کرد.

ئەمجارەیان یاریزان سەربەست عەلی توانی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی سەرکەوتن لە خولەکی 81ـی یارییەکە تۆمار بکات، یانەکەی سلێمانیشی بێ هیوا کرد لە هەوڵەکانی یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکەی.

بەڵام یاریزانانی یانەی خاک، لە هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بەردەوام بوون تا توانیان لە خولەکی 89ـی یارییەکە لە رێگەی یاریزان ئەحمەد عومەر تاکە گۆڵی خۆیان تۆمار بکەن.

ناوبژیوانی یارییەکە، سێ خولەک کاتی زیادکراوی راگەیاند، بەڵام ئەنجامی یارییەکەی نەگۆڕی و یارییەکەش بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی رواندز کۆتایی هات.

بەو ئەنجامە، کۆی خاڵەکانی یانەی رواندز بوو بە 9 خاڵ و لە پلەی 16ـی ریزبەندی خولی پلە یەکی کوردستان دایە، یانەی خاکیش لە 19 خاڵ لە جێگەی خۆیدا مایەوە و لە پلەی سیێەمی ریزبەندی دایە.

هەفتەی داهاتوو، یانەی رواندز دەبێتە میوانی یانەی قەڵادزێ، هەروەها یانەی هەولێریش میوانداری یانەی خاک دەکات.