ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا

سێ پارێزگای عێراق دژی راگرتنی لێبووردنی گشتی دەوامیان وەستاند

964+

ژووری هەواڵ

سێ پارێزگای عێراق لەدژی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دەوامی دامودەزگاکانیان راگرت.

پارێزگارەکانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا رایانگەیاندووە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارى دادگای فیدڕاڵی، دژی راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی، دەوامى دامودەزگاکانیان لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە راگرتووە.

محەمەد نوری، پارێزگارى ئەنبار لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیارماندا بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە پارێزگاکە بۆ ماوەی سێ رۆژ”.

هاوکات بەدر فەحل، پارێزگارى سەڵاحەدین بە هەمان هۆکار، دەڵێت بڕیاریداوە بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە تەواوی پارێزگاکە بۆ رۆژی چواشەممە.

هەروەها عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا لە کاردانەوەى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵیدا راگرتنى دەوامی فەرمی لە تەواوەی فەرمانگەکان راگەیاند.

رۆژی سێشەممە 4.2.2025، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە یەک پاکێج پەسەند کرابوون، یاساکانیش بریتین لە لێبوردنی گشتی، یاسای هەموارکردنی باری کەسێتی، هەمواری دووەمی باری کەسێتی و یاسای گێڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جێبەجێکردنی سێ یاسای راگرت

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جێبەجێکردنی سێ یاسای راگرت