بۆ رێگریکردنە لە رووداوی خنکان
تابلۆ و هێمای ئاگادارکردنەوە و خۆپاراستن لەسەر زێی گەورە لە خەبات جێگیرکران
فەرهاد حەسەن
قایمقامییەتی قەزای خەبات بڵاویکردەوە بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان و گەشتیاران تابلۆ و هێمای ئاگادارکردنەوەیان لە شوێنە مەترسیدارەکانی زێی گەورە لە سنووری قەزاکەیان داناوە و دەڵێت “ئەمە بۆ رێگریکردنە لە رووداوی خنکان”.
ئاماژە بەوەکراوە، له پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و گەشتیاران لەو شوێنانەی كه بۆ مەلەکردن مەترسیدارن، هەڵمەتێکی فراوان بۆ دانانی تابلۆ و هێماکانی ئاگادارکردنەوە لە سنووری قەزای خەبات بەڕێوەچوو.
ئەم هێمایانەی خۆپاراستن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر دابینکراون و تیمەکانی پۆلیسی بەرگریی شارستانی و بەشی غەواسی خەباتیش، ئەو شوێنانەیان دیاریکرد کە مەترسیی خنکانیان لێدەکرێت لەسەر رووباری زێی گەورە.
قایمقامییەت دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی لە نزیکەوە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم رێکارە پێشوەختانە، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانە ئەنجامدا و دەستخۆشی لە تیمەکانی بەرگری شارستانی و غەواسی کرد بۆ خەمخۆری و ئامادەیی بەردەوامیان.
قایمقامیەتی خەبات داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات، کە بە تەواوی پابەندی ئەم تابلۆ و هێما ئاگادارکەرەوانە بن و لەو شوێنانەدا مەلە نەکەن کە هێمای قەدەغەکردنی لێدراوە، تاوەکو هەموولایەک سەلامەت و پارێزراو بن.