خۆبەخشانى تەندروستى لە رانیە و قەڵادزێ
بایکۆتیان کرد و داواى دامەزراندنى هەمیشەیى دەکەن
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
جارێکى دیکە خۆبەخشانى تەندروستى راپەڕین گردبوونەوە و بایکۆتى ناوەندە تەندروستییەکانیان کرد، داواکارى سەرەکى ئەوان دامەزراندنى هەمیشەییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ جارى چوارەمە خۆبەخشانى تەندروستى راپەڕین گردبوونەوە ئەنجام دەدەن.
بڕوا مەجید، کارمەندێکی خۆبەخشی تەندروستییە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”جارى چوارەمە گردبوونەوە ئەنجام دەدەین و ژمارەیەکمان دوو مانگە بە تەواوى بایکۆتى ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووەو داواکارى سەرەکیشمان دامەزراندن و بەهەمیشەیى کردنە”.
بڕوا کە وەکخۆى دەڵێت، نزیکەى نۆ ساڵە کارمەندى خۆبەخشى تەندروستییە و لەسەر خەرجى خۆى هاتوچۆ دەکات، هەربۆیە پێى وایە کاتى ئەوەى مافى خۆیان پێ بدرێت و دابمەزرێندرێن.
نزیکەى یەک هەزار کەس لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین کارمەندى خۆبەخشى تەندروستین، لەماوەى رابردووش چەند جارێکى دیکە گردبوونەتەوە و داواى بەهەمیشەیى کردن دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح