لە گوڵەخانە کار بۆ دروستکردنی ھێزێکی نوێ دەکرێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەپێی سۆراغێک، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە دەستیکردووە بە ناونوسینی خەڵک بۆ بوونە پێشمەرگە، بەرپرسی دەستەی پاسەوانی محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت “حکومەت داوامان لێبکات ھێزێکی 10 ھەزار کەسیش دروستدەکەین”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی 964 لە سلێمانی، کە لە ئەفسەرێکی نێو گوڵەخانە لە بارەگای سەرەکی پارتی سۆسیالیست وەریگرتووە، “ئەمڕۆ لەگوندی گوڵەخانە، پارتی سۆسیالیست ناوی هەزار کەس دەنووسن وەک پێشمەرگە و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەم پرۆسەیە تەمەنی 20 ساڵ بۆ 25 ساڵ دەگرێتەوە”.

بەپێی سۆراغی تۆڕی 964، ناونووسی ھێزەکە لەلایەن رێبین محەمەد حاجی مەحمود ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کوڕی محەمەد حاجی مەحمود، شادومان شەهید رۆستەم، رائید نزار عوسمان، ملازمی یەکەم هەڵکەوت محەمەد و ملازمی یەکەم زەردەشت عوسمان ئەنجام دەدرێن، کە کەسایەتی سیاسی و سەربازی پارتەکەن.

ملازمی یەکەم ھەڵکەوت عەلی فەرەج بەرپرسی دەستەی پاسەوانانی محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی 964ی وت “ئەگەر حکومەت داوامان لێبکات و بڵێت ھێزتان بۆ دادەمەزرێنین، مەمنونیش دەبین، ئەوەی دەوترێ سۆسیالیست ھێز دروست دەکات رەنگە لێکدانەوەی ھەڵەی بۆ کرابێت”.

“من پێم نەوتووی ھێز دروستدەکەین و ناشتوانم حاشا لەوەش بکەم، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوامان لێبکات، ئەوە نەک ھەزار پێشمەرگە بەڵکو دەتوانین 10 ھەزار کەس بۆ بوون بە پێشمەرگە ناونووس بکەین” ھەڵکەوت عەلی وای وت. بەڵام ئاشکرای نەکرد حکومەتی ھەرێمی کوردستان یان وەزارەتی پێشمەرگە لێی داواکردوون.

مانگی 8ی ساڵی 2022، ھێزەکانی ئەم پارتە بۆ دووەم ساڵ مانۆڕی سەربازییان بە سەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود ئەنجامدا، کە سەرجەمی فەوجە سەربازییەکانی ئەم پارتە لەلایەن یەکەکانی 70 و 80 مووچەیان پێدەدرێت، مەزەندە وایە بە خۆبەخشەکانەوە ژمارەی ھێزەکانیان بگاتە سێ ھەزار پێشمەرگە.

بەرپرسی دەستەی پاسەوانانی محەمەد حاجی مەحمود وتی “سۆسیالیست خەڵک ناکات بە پێشمەرگە، بەڵام دروستکردنی ھێزی تایبەت ئەوە شتێکی دیکەیە”.

تۆڕی 964 ئەوەی زانیوە، ئەو ھێزە بۆ رێبین محەمەد حاجی مەحمود دروست دەکرێت، کە پلانەکە بە جۆرێکە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەتدا پۆستی وەزاری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت.