" دەبێت خۆپیشاندەران ئازاد بکات"

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: ئازەربایجان مافی خوێندنی کچان پێشێل دەکات

964+

وریا فەتاح

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی  هۆشدارییەکی توندی دایە حکومەتی ئازەربایجان و رایگەیاند، قەدەغەکردنی حیجاب لە قوتابخانەکاندا جیاکارییەکی روونە و مافی خوێندنی کچان پێشێل دەکات، هاوکات داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو چالاکوانانەی کرد کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکراون.

ماری سترۆزەر، بەڕێوەبەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست، رایگەیاند: “دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، لە نێویاندا دایکێک کە تەنها ناڕەزایەتی دژی دەرکردنی کچەکەی لە قوتابخانە دەربڕیوە، هەروەها دیارنەمانی ئەو چالاکوانەی ویستوویەتی بە ئۆنلاین وانە بە کچە بێبەشکراوەکان بڵێتەوە، بەڵگەن بۆ سەرکوتکردنی توندی ئازادیی رادەربڕین لەلایەن حکومەتی باکۆوە.”

ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە جەختی لەوەش کردەوە کە بێبەشکردنی کچان لە چوونە پۆلەکانی خوێندن بەهۆی لەچکەوە، پێشێلکردنی روونی مافی خوێندن و ئازادیی ئایینییە، و وتیشی: “عەلمانییەتی پەروەردەی گشتی نابێتە بیانوو بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتی جلوبەرگی ئایینی. دەبێت حکومەتی ئازەربایجان پاشگەز ببێتەوە و رێگە بدات قوتابی و مامۆستاکان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان.”

لە رۆژی 12ی تشرینی یەکەمەوە، دوای دەرچوونی رێنماییە نوێیەکانی جلوبەرگی قوتابخانە، رێگری لە چوونەژوورەوەی کچان و مامۆستایانی محەجەبە کرا. ئەمەش وایکرد خۆپیشاندانی فراوان دروست ببێت و پلاتفۆرمەکانی تیکتۆک و ئینستاگرامیش بلۆک کران.

هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان دەڵێت تەنها 37 کەسیان دەستگیرکردووە، بەڵام چالاکوانان دەڵێن زیاتر لە 200 کەس دەستبەسەر کراون. لەو چوارچێوەیەدا، قودرەت عەبدوڵایەڤ بەهۆی پۆستێکی تیکتۆکەوە 25 رۆژ، و رافاێل حوسێنزادە بەهۆی نووسینی دروشمی “ئازادی بۆ حیجاب” لەسەر دیواری قوتابخانەیەک 30 رۆژ زیندانی کراون.

لەلایەکی دیکەوە، ئاغا حوسەینۆڤی چالاکوان رایگەیاندووە کە هاوسەرەکەی بەناوی شەهزیار دوای ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە لەبەردەم قوتابخانەی کچەکەی، دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی 4 مانگ حوکم دراوە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی روونی ئاراستە بکرێت.

هاوکات، چالاکوانێکی دیکە بەناوی ئیلکین حوسەینۆڤ، کە پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینی دروستکردبوو بۆ ئەوەی مامۆستایان بەخۆڕایی وانە بە کچە محەجەبە دەرکراوەکان بڵێنەوە، لە رۆژی 14ی مانگەوە لە ماڵەکەی خۆی لە باکۆ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە براوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.