گازیان نادەنێ

قەرزارى دەیگەڕێنێتەوە بۆ کارى هونەریى؛ خاوەن مۆلیدەیەکى کەرکوک


کاروان ساڵحی – کەرکووک

نەبوونى گاز، خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانى کەرکوکى هێنایەوە سەرشەقام، وەک دەڵێن هەر یەکەیان چەندان ملیۆن قەرزى کڕینى گازیان لەسەر کەڵەکە بووە.

خاوەن مۆلیدەکان داواکارن بەپەلە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، وەک ناڕەزایەتییەکیش بڕیاریان داوە مانگانە لە رۆژی (9)ـی مانگدا کاتژمێری کارپێکردنی مۆلیدەکان سفر بکەنەوە.

ئەدهەم ئەحمەد، یەکێک لە خاوەن مۆلیدەکانی کەرکووک بە 964ـى وت: “ئێمە هیچمان ناوێت تەنیا گازمان دەوێت، ئەگەر لە 9ـی مانگدا کاتژمێرەکان سفر نەکەینەوە، ئەوا مانگانە کارپێکردنی مۆلیدە دەگاتە 300 کاتژمێر. داواکارین لە هاوڵاتیان ئەوە بزانن کە کێشەکە لای ئێمە نییە، بەڵکو لای حکومەتە کە گازمان پێنادات.”

بەهۆی ئەوەی خاوەن مۆلیدەکان ناچارن بۆ دابینکردنی کارەبا گازی بازرگانی بکڕن، زیانێکی زۆری داراییان بەرکەوتووە. وەک ئەدهەم باسی دەکات، ئێستا هەر خاوەن مۆلیدەیەک زیاتر لە 50 ملیۆن دینار قەرزارە.

ئەو خاوەن مۆلیدەیە کە خۆى قەرزێکى زۆرى لەسەرە دەڵێت: من یەکێکیانم کە 100 ملیۆن دینار قەرزارم، ئیتر پێم باشە واز لەم مۆلیدەیە بهێنم و بچم لەگەڵ (عەبۆ) دەست بکەم بە کاری هونەری.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح