گەڕەکێک لە ناحیەی رزگاری
دوای 11 ساڵ لە راوەستانی کارەکانی ئەمڕۆ قیرتاو کرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شەقامی گەڕەکی شاکەل لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار، لە ساڵی 2014 بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی راگیرا، دواجار ئەمڕۆ قیرتاوکرا.
شەقامەکە درێژییەکەى نزیکەی کیلۆمەترێکە و دوو ئاراستەیە، لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوو ئەوکات.
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری بە 964ـی وت، شەقامەکە لە قیرتاوکردن و دروستکردنی شۆستە پێکدێت، لە رۆژانی رابردوو شۆستەکەی تەواوکرا، ئەمڕۆش دەستکرا بە قیرتاوکردن.
“گوژمەی پرۆژەکە سەرووی چوار ملیۆن دۆلارە، لەلایەن کۆمپانیای سەجایا جێبەجێدەکرێت، پانی شەقامەکە نزیکەی 10 مەترە”
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری دەسەڵاتی شارەوانی ناحیەکە، پرۆژەیەکی دیکەمان ھەیە کە خۆی لە شۆستە و قیرتاوکردن و ئاوەڕۆی چەند گەڕەکێک دەبینێتەوە، بەھۆی قەیرانی دارایی کارەکانی راگیراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی