سەندیکا: نابێت کەس نرخ زیاد بکات
زیادکردنی کرێی پاس لە سلێمانی تەنیا داواکارییە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
سەرۆکی سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی دەڵێ، تەنیا هێڵی پاس لە ناوشار کە دەچێت بۆ تاسڵوجە بە هەزار دینارە و هیچ کرێیەک بۆ نرخی پاس لەسەر هاوڵاتی زیاد نەکراوە و ئیشەڵا ناشکرێ.
لە سلێمانی هەزار و 750 پاس هەیە و لە 13 هێڵ رۆژانە سەرنشین هاتوچۆ پێ دەکەن.
لێرە و لەوێ قسە و دەنگۆ هەیە کە نرخی گواستنەوەی سەرنشین بە پاس زیاد کراوە لە سلێمانی، بەڵام ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانە و ئەوەی رەتکردەوە و دەڵێ، گرانبوونی نرخی غاز و گاز وایکردووە، داوای زیادکردنی نرخ بکرێ.
وە وتی، لە ناوەوەی شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود 60 مەتری، تەنیا بڕی 500 دیناوە وەردەگیرێ، دەرەوەی 60 مەتری، بڕی 750 دینار وەردەگیرێ و تاکە هێڵێک کە بڕی هەزار دینار وەردەگرن تاسڵوجەیە و هەر لە دەمێکەوە ئەوان کرێکەیان هەزار دینار بووە.
ئازاد ئەحمەد، باسی لە بڕیارەکانی سەندیکا کرد و وتی، کەس بۆی نییە نرخ گران بکات، وە ئەگەر دۆخەکە هاوکار بێت ئیشەڵا گرانیش نابێت، ئەوەندەی ئەوان قسەیان لەگەڵ شۆفێران کردووە، ئەوانیش پابەندن و کەس نرخ زیاد ناکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا